زۆری نەوت و کەمی دۆلار؛ گەمارۆکانی ئەمریکا سەرچاوەی داهاتی ئێرانی وشک کردوە
بڵند
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگدا تێپەڕیوە و درێژەپێدانی سزاکان بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت، تاران لە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی دراوی بیانی بێبەش دەکات؛ هاوکات بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، هەڵاوسان زیادی کردووە و ئابوری ئێران بەرەو قەیرانێکی قووڵتر رۆچووە، کە کاریگەری تەواوی کردوەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکە.
تاران، کە بڕبڕەی پشتی ئابورییەکەی پەیوەستە بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە، ئێستا خۆی لە ناوەڕاستی گەمارۆیەکی توندی دەریاییدا دەبینێتەوە، کە رێگە لە دەستگەیشتنی دەگرێت بە گرنگترین سەرچاوەی دراوی بیانی.
ئەم تەنگژە داراییە بوەتە هۆی کەمی دراوی بیانی و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە، بەهای دراوی وڵاتەکەی دابەزاندووە و ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی بۆ زیاتر لە 80٪ بەرزکردووەتەوە.
رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویکردوەتەوە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە بووەتە هۆی پەکخستنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران لە رێگەی ئاوەکانی کەنداوەوە و کۆگاکانی ناو دەریای نەوتی ئێران کە پێشتر 90 ملیۆن بەرمیل بوون، بۆ 29 ملیۆن بەرمیل دابەزیون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتودا بە تەواوی بەتاڵ ببن.
گەرچی ئێران دەستەوەسان نییە و لە رێگەی وشکانییەکانی بە بارهەڵگر هەوڵی تێشکاندنی گەمارۆکەی داوە، بەڵام ئەمە بەس نییە و واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت؛ توانای گواستنەوەی وشکانی زۆرترینی 40هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا، ئەمەش وایکردوە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی داڕمانی 5.4٪ی ئابووری ئێران بکات.
لە بەرانبەر ئێران ئەم زانیاریانە رەتدەکاتەوە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت و پارەکەشی وەردەگرنەوە.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیش، دڵنیایی لە بونی دراوی پێویستی بیانی دا و دەڵێت؛ وڵاتەکەی تووشی داڕمانی ئابوریی سەخت نەبووە و ئەگەری هەڵئاوسانی گەورەش لاوازە.
بەڵام ئامارە دەریاییەکان و داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکاریی بازاڕی نەوت وێنەیەکی جیاواز لە لێدوانی لێپرسراوانی تاران نیشان دەدەن.
بەپێی داتاکانی کێپلەر، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە هیچ بارێکی نەوتی خاوی ئێران نەیتوانیوە لە گەمارۆی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا تێپەڕێت و هەناردەی رۆژانەی نەوت لەناو کەنداو لە مانگی ئابدا دابەزیوە بۆ 255 هەزار بەرمیل، کە ئەمەش 85٪ کەمترە بەراورد بە مانگەکانی پێش گەمارۆکە.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەم رەوشە قەیرانی دراوی بیانی لە ناوخۆی ئێراندا قووڵتر کردووەتەوە، بەجۆرێک کە رێگریکردن لە چوونی دۆلار بۆ ئێران، فشارێکی بێپێشینەی خستووەتە سەر بەهای تمەن و ئابوریی وڵاتەکە.



