سوپای ئیسرائیل ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی دانیشتوانی شارۆچکەی "عەرەبسالیم" لە باشوری لوبنان کرد و حزبوڵای تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگڕبەست، دواتر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شارۆچکەکە و ناوچەی نەبەتییە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: دوای ئەوەی حزبوڵا بە رەوانەکردنی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەرەو هێزەکانیان رێککەوتنی ئاگڕبەستی پێشێل کردووە، مەشق و چالاکییەکانی ئەو حزبە ناچاریان دەکات بە توندی وەڵام بدەنەوە.

هەروەها رایگەیاند کە مەبەستیان زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل نییە و داوای لە دانیشتوانی ئەو بینایانە کرد کە لە نەخشەکەدا دەستنیشانکراون، بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بپکەن و بەلایەنی کەمەوە 300 مەتر لێیان دووربکەونەوە، بەهۆی نزیکییان لە دامەزراوەکانی حزبوڵاوە.

لە راگەیەندراوێکی تردا، سوپای ئیسرائیل روونیکردەوە : بەیانیی ئه‌مڕۆ یەکشەممە، حزبوڵا دوو درۆنی خۆکوژی بەرەو ناوچەی ئاسایشی لە باشوری لوبنان رەوانە کردووە و هێزەکانیان توانیویانە یەکێکیان بخەنە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان بەرکەوێت، و جەختی کردەوە کە لە وەڵامی ئەم هەوڵانەدا لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.

لە دوای ئاگادارییەکەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بینا دیاریکراوەکە و دەوروبەری شارۆچکەی عەرەبسالیمیان بۆردومان کرد.

میدیا ناوخۆییەکانیش بڵاویانکردەوە کە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی "کەفرڕەمان" لە سنووری قەزای نەبەتییە، بووەتە هۆی وێرانبوونی تەواوەتیی بینایەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی.