سوریا لە هەنگاوێکی گرنگدا دوای زیاتر لە دەیەیەک و بۆ یەکەمجار دوای رووخانی بەشار ئەسەد، دەستکرد بە لەناوبردنی بڕێک لە ماددە کیمیاییەکانی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

ئەم راگەیاندنە لەلایەن ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەنگاوێکدا لە ئۆپراسیۆنی لەناوبردنەکە بە "ساتەوەختێکی مێژویی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەکە لە ژێر چاودێری و رێکارەکانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) بەڕێوەدەچێت.

عولەبی ئەوەشی روونکردەوە: هاوکاریی نێوان وڵاتەکەی و رێکخراوەکە ئاماژەیەکی روونە بۆ وەرچەرخانێکی سیاسیی قووڵ لە نێوان سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

لە تەوەرێکی تردا، نوێنەری سوریا ئاماژەی بەوە کرد: پەلامارەکانی ئیسرائیل ئاستەنگی جدییان بۆ پڕۆسەی گەڕان و لەناوبردنی سەرچاوە نووکییەکانی سوریا دروستکردووە و لە هەندێک قۆناغدا بووەتە هۆی وەستاندنی تەواوەتیی گەشتەکان و خستنەمەترسیی ژیانی تیمە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، جەختیشی کردەوە کە ناتوانرێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت لە کاتێکدا ئیسرائیل ئاسایشی سوریا دەخاتە مەترسییەوە.