لە جەرگەی هەستیارترین رێڕەوی دەریایی جیهاندا، دوورگەیەکی بچووکی ئێران بووەتە ئامانجی راستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پنتاگۆن، دوورگەی لارک کە بە باڵادەستییە جۆگرافییەکەی بەسەر گەروی هورمزدا وەک "چاوی ئێران" دەبینرێت.

دوورگەی "لارک"ی ئێران لە گەروی هورمز، کە کەوتووەتە نزیک بەندەری ستراتیژیی بەندەر عەباس، ناوەندێکی گرنگی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە، ئەوەش دوای ئەوەی بووە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکیان لە دورگەی لارک بۆردومان کرد، کە ئەوە یەکەم هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر ناوخۆی ئێران لە کۆتاییەکانی تەمموزی رابردووەوە. لە بەرانبەردا، ئێران بە ئاڕاستەکردنی هەشت موشەکی بالیستی بۆ سەر ئوردن وەڵامی دایەوە، کە تەواوی موشەکەکان بە لە ئاسماندا تێکشکێنران.

حەشاردگەیەکی سەربازی لە شوێنێکی بەرتەسکدا

لەسەر نەخشە، لارک تەنها دوورگەیەکی بچووکە لە رۆژهەڵاتی دوورگەی قشم و باشوری دوورگەی هورمز لە کەنداو، بەڵام دەکەوێتە هەستیارترین ناوچەی بەرتەسکی گەروی هورمز و زۆر نزیکە لە رێڕەوی کەشتی و نەوتهەڵگرە جیهانییەکان.

ئەم پێگە جۆگرافییە وادەکات لارک ببێتە چاوی چاودێریی ئێران بەسەر گەروەکەدا، چونکە تاران رادار و دامەزراوەی چاودێریی پێشکەوتووی تێدا جێگیرکردووە بۆ بەدواداچوونی جووڵەی کەشتیگەلەکان.

بنکەی سەربازی و تێرمیناڵی نەوت

جگە لە چاودێری، لارک بنکەیەکی سەربازیی گرنگی سوپای پاسدارانی تێدایە و هاوكات بنکەیەکی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتیشی تێدایە کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، سوپای پاسداران بەندەرەکانی ئەم دوورگەیە بەکاردێنێت بۆ سه‌پاندنی مەرجەکانی بەسەر کەشتییەکاندا، لەوانەش وەرگرتنی باج و رسوومات لە بەرانبەر تێپەڕبوونیاندا.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ئەم گرنگییە سەربازییەی لارک وایکردووە هەمیشە لە ریزی یەکەمی ئەو ئامانجە سەربازییانەدا بێت کە پنتاگۆن بۆ لێدان لە بنکەکانی ئێران و پاراستنی ئازادیی دەریادەوانی لە گەروی هورمز دیارییان دەکات.

رووبەری دوورگەکە نزیکەی 77 کیلومەتری چوارگۆشەیە، ژمارەیەکی کەم دانیشتووانی کە نزیکەی دوو هەزار کەسن و زۆربەیان بە ماسیگری و کەرتی خزمەتگوزاری سەربازییەوە سەرقاڵن.

پانایی گەروی هورمز لە نزیک دوورگەی لارک نزیکەی 39 کیلومەترە، بەڵام رێڕەوی کەشتیوانیی سەلامەت بۆ کەشتییە زەبەلاحەکان تەنها نزیکەی چوار کیلومەتر پانە، ئەمەش وادەکات لارک باڵادەستیی تەواوی بەسەر ئەم رێڕەوە باریکەدا هەبێت.

 

سەرچاوەکان: ماڵپەڕی ئەکسیۆس، میدیا جیهانییەکان