بەرگریی ئیمارات: هێزە ئاسمانییەکانمان بەرپەرچی درۆنێکی ئێرانیان دایەوە
محەمەد رزگار
٣١ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات تێکشکاندنی درۆنێکی لە ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی درۆنێکیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئڕاستەی ئاوە هەرێمییەکانی ئیمارات کرابوو، هاوکات جەختیشی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هێزە ئاسمانییەکانمان لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکانی دەوڵەتدا مامەڵەیان لەگەڵ درۆنێکدا کردووە کە لە ئێرانەوە دەهات"، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر جۆری درۆنەکە یان چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی ئاشکرا بکات.
جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک، و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاسمانی وڵات بە شێوەی شەوڕۆژ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە وەربگرن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاری هەڵە.



