دوو مین لە گەروی هورمز بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا تەقییەوە و سوپای پاسدارانیش هۆشداری دەداتە کەشتییەکانی تر.

سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەروی هورمزدا رووبەڕووی تەقینەوەی دوو مینی دەریایی بووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و بە تەواوی پەکی کەوتووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، کەشتییەکە هەوڵیدابوو بە شێوەیەکی "نایاسایی" لە رێڕەوییە ئاوییەکە تێپەڕێت، تا ئێستا زانیاری لەسەر ناسنامەی کەشتییەکە و چارەنووسی دەستەی کارگێڕییەکەی و ستافی کەشتییەکە رانەگەیەندراوە.

هاوكات سوپای پاسداران هۆشدارییداوە کە هەر کەشتییەکی تر سەرپێچی رێنماییە ئەمنییەکانیان بکات رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە، و جەختیشی کردووەتەوە کە پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەوان بۆ تێپەڕبوون لە گەروی هورمز ناچارییە.