سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی لە ناوەڕاستی جەنگێکی ئابوریی هەمەلایەنەدایە و داوا لە حکومەت دەکات چاککردنی بژێویی خەڵک و رەخساندنی هەلی کار بخاتە سەرووی کارەکانییەوە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری وڵاتەکە رایگەیاند، ئێران لە ئێستادا رووبەڕووی "جەنگێکی ئابوریی هەمەلایەنە" بووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە بە هەوڵەکانی حکومەت و خۆڕاگریی گەلەکەیان دەتوانن بەسەر نەیارەکانیاندا سەربکەون.

قالیباف لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەکرد، لە سایەی لێکەوتەکانی جەنگ و زیادبوونی فشارە دەرەکییەکان، پێویستە حکومەت چاککردنی ئاستی بژێوی، بەرزکردنەوەی توانای کڕین، رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابوری بخاتە سەرووی کارەکانییەوە، وتیشی، نەیارانی تاران هەوڵیان داوە لێکترازانی ناوخۆیی دروست بکەن و توانای ناوخۆیی ئێران لاواز بڕوانن.

ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەڕەشەی توندکردنەوەی سزاکانی کردووە بۆ روخاندنی رژێمی تاران، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگ و یەکەم هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوودا.

شایەنی باسە لە سەرەتای جەنگەکەوە لە کۆتایی شوباتدا، ئێران بە کردەیی گەروی هورمزی داخستووە کە پێنجیەکی بەرهەمی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە بەرانبەردا ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، ئەم پەرەسەندنانەش لە کاتێکدان ئێران هەفتانەیە لە دانوستاندایە لەگەڵ عوممان و جەخت دەکاتەوە گەروی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی واشنتۆن پابەند دەبێت بە لێکتێگەیشتنەکانی ناوەڕاستی حوزەیران بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ و سزادانە ئابورییەکان.