ماکرۆن پێشوازی لە پرۆسەی تێکەڵکردنی 'هەسەدە' بۆ ناو دەوڵەتی سوریا دەکات
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی تێکەڵبوونی ئاشتییانەی هەسەدەی بۆ ناو دەوڵەتی سوریا کرد و هەنگاوەکەی بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لەو وڵاتەدا وەسف کرد.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا و تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' بۆ ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بڵاوکردەوە و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی دووپاتکردەوە.
سەرۆکی فەرەنسا پیرۆزبایی لە سوریا کرد بەهۆی تێکەڵکردنی ئاشتییانەی هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' بۆ ناو دەوڵەتی سوریا و ئەم هەنگاوەی بە شۆڕشێکی یەکلاکەرەوە لە پرۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا وەسف کرد.
ماکرۆن باسی لە پەیوەستبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کرد و هاوکات پێزانینی خۆی بۆ هەستی بەرپرسیارییەتی مەزڵوم عەبدی و سەرکردایەتیی هەسەدە دەربڕی.
سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە لەوەی فەرەنسا لە سەرەتای پرۆسەی گواستنەوە رۆڵێکی چالاکی لە پشتیوانیکردنی ئەم ئاڕاستەیەدا بینیوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی گواستنەوە لە سوریا، بە مەرجێک رێز لە یەکپارچەیی، سەروەریی خاک، هەموو پێکهاتەکان و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بگرێت، بەوپێیەی ئەمە تاکە رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی.



