سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لەڕێگەی سەپاندنی گەمارۆ ئابورییە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران ناگاتە هیچ ئامانجێک.

ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکردووە: " ئەمریکا لەم قۆناغەدا لەڕێگەی فشاری ئابورییەوە هیچی دەستناکەوێت، وەک چۆن لە هەڵگیرساندنی جەنگدا نەیتوانی هیچ دەستکەوتێکی هەبێت."

ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، کە واشنتۆن هەڕەشەی توندترکردنی گەمارۆ ئابورییەکانی سەر تاران دەکات، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگ و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتدا.

هاوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "سنوری گەمارۆکانیان بۆ سەر ئێران بەرفراوانتر کردووە تا کەرتەکانی دراوی دیجیتاڵی، تەکنەلۆژیا و کەشتیوانی، کە تاران بۆ پاڵپشتیکردنی ئابورییەکەی پشتیان پێدەبەستێت".