بەنزینخانەکانی شاری تاران رووبەڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر و ریزبەندیی درێژی ئۆتۆمبێلەکان بوونەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵبوونەوەی کێشەی کەمیی سووتەمەنی و ئاڵۆزتربوونی بارودۆخی ئابووریی ئێران، بەپێی راپۆڕتێکی رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز.

رێکخراوی باشترکردنی بەکارهێنانی وزەی ئێرانی رایگەیاندووە کە وڵاتەکە رووبەڕووی کورتهێنانی رۆژانەی نزیکەی 15 ملیۆن لیتر بەنزین بووەتەوە، لە کاتێکدا داواکاریی رۆژانە گەیشتووەتە 135 ملیۆن لیتر.

 رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا توانای تاران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، هاوکات هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان بە بەشێک لە تواناکانی پاڵاوتنی نەوتی وڵاتەکە گەیاندووە.

لە لایەکی ترەوە، حکومەتی ئێران رایگەیاند: سیستمی پاڵپشتیی سووتەمەنی و بەخشینی بەنزین بە نرخی هەرزان چیتر لە سایەی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان و پچڕانی پێداویستییەکان توانای بەردەوامبوونی نییە.

مسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران وتی: فرۆشتنی بەنزین بە کەمتر لە نرخی بازاڕ گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر سەرچاوەکانی حکومەت کە بۆ پاڵپشتیی خۆراک و کرێکاران تەرخانکراون.