قالیباف: دەبێت ئەمریكا پابەندی بەڵێنەكانی بێت لەسەر بنەمای یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن
سەوسەن سەید
٢٥ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، دەبێت ئەمریكا پابەند بەڵێنەكانی بێت لەسەر بنەمای یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن، فەرماندەی سوپای پاكستانیش دەڵێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئێران پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لەگەڵ عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاكستان كۆبووەوە و رایگەیاند: بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن دەكەن و دەبێت ئەمریكاش پابەند بێت بە بەڵێنەكانی لەسەر بنەمای یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن.
وتیشی: پابەندبوونی لایەنەكانی ناو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن روونە، بەڵام ئەمریكا بەڵێنەكانی پێشێلكردووە و رێگریكردووە لە بەدیهێنانی سەقامگیریی لە ناوچەكەدا، ئەوەش هۆكارێكی تری بێمتمانەییە بە واشنتۆن.
عاسم مونیر فەرماندەوی سوپای پاكستانیش رایگەیاند: بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەكە، وتیشی: پێشكەوتنی گەورە لە گفتوگۆ لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران بەدیهاتووە و باسیان لە كاراكردنەوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی ئیسلام ئابادیش كردووە بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان.
پێشتریش مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: ئامادەن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامیدا هاوكار بن لە بواری ئابوری و سیاسی و ئەمنیدا، وتیشی: پێویستە ئەمریكا لە بری فەرمان و ناچاركردن، زمان و شێوازی مامەڵەی لەگەڵ ئێران راستبكاتەوە و پابەندی بەڵێنەكانی بێت.



