سوپاسالاری پاکستان بە مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا و بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی، گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بە یاوەری موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی گەیشتە تاران. بەپێی راگەیەندراوی سوپای پاکستان، سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسلام ئابادە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگاداری بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو عاسم مونیر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە واشنتۆن داوای لە ئیسلام ئاباد کردووە هەژموونی خۆی بەکاربهێنێت بۆ راکێشانی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان.

پاکستان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە نێوەندگیری نێوان واشنتۆن و تاران، و پێشتریش لە مانگی حوزەیراندا هاوکار بوو لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک پێش ئەوەی دانوستانەکان تووشی ئاڵۆزی ببنەوە، سەرچاوەیەکی پاکستانی بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "قەیرانی متمانە لە نێوان هەردوولادا هەیە و سەردانەکەی فەرماندەی سوپای پاکستان ئامانجی کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بێمتمانەیی و خستنەوەگەڕی رێڕەوی دانوستانەکانە."