وەزیری دەرەوەی عومان سبەی بۆ گفتوگۆ لەسەر گەروی هورمز دەگاتە تاران
٢٤ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەی سێشەممە، وەزیری دەرەوەی عومان بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە تاران، تاوەكو لەگەڵ عەباس عراقچی دوایین پێشهاتەكانی گەرووی هورمز و ئاسایشی كەشتیوانی تاوتوێ بكەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان، بۆ تەواوكردنی راوێژەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگاتە تاران.
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا رێڕەوێكی نهێنیی دەریایی لە باشوری گەروی هورمز دروست كردووە بۆ پاراستنی كەشتییە نەوت هەڵگرەكان.
هاوكات بڕیارە ئەمرۆ وەفدێكی باڵای پاكستان بە سەرۆكایەتیی عاسم مونیر فەرماندەی سوپای وڵاتەكە بۆ هەمان مەبەست بگاتە تاران.



