وەفدی ئیمراڵی: ئەو هەواڵانەی لەبارەی كۆبونەوەی ئۆجەلان بڵاودەكرێنەوە سەرچاوەكەیان نادیارە
٢٣ی ئابی ٢٠٢٦
دەم پارتی هۆشداری دەدات لە بڵاوبونەوەی هەندێك دەنگۆ لەسەر كۆبونەوەكانی ئۆجەلان و دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە بۆ مەبەستی سیاسی و پەكخستنی ئاشتییە.
وەفدی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاند: لە هەندێك میدیا و شۆشیال میدیا، هەواڵی چەواشەكاری سەبارەت بە كۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاودەكرێنەوە، سەرچاوەكەیان نادیارە و بە مەبەستی سیاسی دەستكاری كراون.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئەو هەواڵانە هەندێكیان زانیاری ناراستیان بۆ زیادكراوە، هەندێكی تریان بە ئامانجی چەواشەكردنی رای گشتی و تێكدانی پرۆسەی ئاشتییە، هەروەها جوڵەیەكی مەترسیدارە بۆ پەكخستنی هەوڵەكانی ئۆجەلان.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، دەبێت تەنیا بڕوا بەو بەڵگە و تێبینی و زانیارییانە بكرێت، لەلایەن وەفدی ئیمراڵی، یان لەلایەن ئەو پارێزەرانەوەبن كە لەگەڵ ئۆجەلان كۆدەبنەوە و بنەمایەكی رەسمییان هەیە.


