عراقچی: گوشارەکانی ترەمپ سیناریۆیەکی دووبارەیە
٢٣ی ئابی ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی رایگەیاندن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی تری لەبەرانبەردا نییە جگە لە گوفتوگۆکردن بە زمانی رێزگرتن و دۆزینەوەی چارەسەرێک لەسەر بنەمای "دادپەروەری و سەربەرزی".
عراقچی ئاماژەی بەوەشکرد: گوشارە ئابوورییەکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا دووبارەبوونەوەی سیاسەتەکانی پێشوون کە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا شکستیان هێناوە.
جەختیشی کردەوە: واشنتۆن رێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران نادۆزێتەوە جگە لە دیالۆگی بونیادنراو لەسەر رێز.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد؛ ئێران لە گەمارۆی ئابووری ناترسێت و هەموو لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ ئەمریکا دەبێت رێز لە سەروەریی نیشتمانی بگرێت.
هەروەها گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی سزاکان بە نیشانەی دەستەوسانی لە خستنەڕووی چارەسەری نوێ ناوبرد و رایگەیاند: ئامانجە سەربازی و ئابوورییەکانی ئەمریکا وەک رابردوو تووشی شکست دەبنەوە.


