سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئیبراهیم عەزیزی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر گوشاری زمانی هێزدا ناچار دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکات و داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکات.

عەزیزی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: ئەمریکییەکان سەلماندیان کە لە زمانی دیپلۆماسی تێنەگەیشتوون.

 ئاماژەی بەوەش کرد: ئەوان سزاکان هەڵناگرن، پارە و داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران ئازاد ناکەن و دەستلەبەردانی ئەوەش نابن کە بە (کاری جەردەیی دەریایی) ناوی برد.

وتیشی: بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئەوان لە بەرانبەر زمانی هێزدا ناچار دەبن نەک تەنها ئەو هەنگاوانە بنێن، بەڵکو ناچاریش دەبن داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکەن و ناوچەکە جێبهێڵن.

ئەم هەڵوێستەی بەرپرسەکەی ئێران لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران کردبوو، و جەختی کردبوەوە کە تێپەڕینی واشنتۆن بۆ ستراتیژیی جەنگی ئابووری دژی تاران بە مانای دەستبەرداربوون لە بژاردە سەربازییەکان نایەت.