دوای دەنگۆی گرانکردنی بەنزین، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رەخنەی توندی لە سیاسەتی پاڵپشتی دارایی سوتەمەنی گرت و رایگەیاند، کە دروست نییە دەوڵەت بنزین بە نرخی 130 هەزار تمەن بکڕێت و بە 1500 تمەن بیفڕۆشێتەوە و داواش دەکات کۆتایی بە جەنگبهێندرێت.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکرد،  لە کاتێکدا بۆ زیادکردنی پشتیوانی دارایی، جێبەجێکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی گەنم، بیمەکان و باشترکردنی بژێوی کارمەند و خانەنشینان روبەڕوی سنوردارێتی دارایی دەبنەوە، بەڵام لە بەرانبەر بەنزین سیاسەتێکی خراپ پەیڕەو دەکەن.

پزیشکیان جەختی کردەوە، کە وەک لێپرسراوێک خۆی بە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی خەڵک دەزانێت و بۆی قبوڵکراو نییە لە وڵاتێکدا لێپرسراو بێت، کە بەشێک لە هاووڵاتیانی لە دابینکردنی تێچوی بژێو و تەندروستیدا توشی کێشە ببن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بە رەوشی سیاسی و یەکڕیزی ناوخۆیی کرد و رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دانیشتوون و داوا لە دوژمنان دەکەن هێرش بکهەنە سەر ئێران، شایستەی ناوی ئێرانی نین.

 
 

لە بەرانبەردا، ستایشی هاووڵاتیانی ناوخۆی کرد، کە روبەڕوی نەخشەی دوژمنان بوونەتەوە و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی کردەوە.

مەسعود پزیشکانی سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت؛ ئەمڕۆ بـاشتریـن کاتـە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چونکە ئەوان لە ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدان و جیهان دانیانپێدادەنێت.

پزیشکیان باسی لەوەش کردوە،  دەوڵەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و سەرباری هەموو کەمپوکوڕییەکان، دەستکەوتی بەرچاویان هەبووە کە ئاماژەیان پێ نەکراوە، بەڵام هەوڵدەدەن بە هاوکاری و یەکریزی نیشتمانی وڵاتەکە بەرەو پێشەوە ببرێت.