محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد رایگەیاند، هێزی سەربازی بە تەنیا بەس نییە و ئەگەر ئابوری، بەرهەمهێنانی نیشتمانی و گەشەی دارایی بوونی نەبێت، وڵات بەرگە ناگرێت؛ چونکە ئاسایش و ئابوری پێویستییان بە یەکتر هەیە. 

قاڵیباف باسی رەوشی ئابوری وڵاتەکەی کرد و دەڵێت؛ برسیبونی هاووڵاتیانیان دەبێتە هۆی کەوتنی دەسەڵاتی ئێران، چونکە پەیوەستن بەیەکتریەوە.

ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئێران و عیراق کرد و رایگەیاند،  زیاتر لە نیو سەدەیە لە رەوشی "نە جەنگ و نە ئاشتیدان."

قالیباف، رایگەیاند، دیپلۆماسی تەنیا کاتێک سەردەکەوێت کە وڵات بۆ جەنگ ئامادە بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دوای شکستیان لە جەنگی سەربازیدا، رویان لە جەنگی ئابوری کردووە.

ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدایە، کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران رویان لە زیادبوون کردووە؛ دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گوشاری ئابوری بێوێنە کردووە بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش رایگەیاند، کە بە توندکردنەوەی سزاکان و گوشارە ئابورییەکان دەسەڵاتی ئێران توشی داڕمان دەبێت.