سەرۆك وەزیرانی عیراق: بەمزووانە پرۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین
سەعید
٢٠ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرای دەكات كار لەسەر ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 دەكەن و بەم زووانە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، جەختیش لە پەسەندكردنی یاسای حەشدی شەعبی دەكاتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، زەیدی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ فراكسیۆنی سادیقون ئاشکرای کردووە کە حكومەتی عیراق لە ئێستادا كار لەسەر ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2027 دەكات و بەم زووانەش رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە بودجەدا بڕێكی باش تەرخانكراوە بۆ دۆسێی كارەبا و حكومەتیش كاردەكات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا زیادبكرێن.
لە كۆبوونەوەیەكی تریشیدا لەگەڵ فراكسیۆنی بەدر زەیدی جەختیكردووەتەوە لەوەی دەستەی حەشدی شەعبی جێگەی بایەخە بۆ حكومەتی عیراق و پێداگریشیكردووە لەسەر ناردنی یاسای حەشدی شەعبی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندكردنی و داننان بە دەستەكەدا وەك بەشێك لە پێكهاتە و هێزە چەكدارەكانی عیراق.


