بنکەیەکی ئاسمانی سوریا گرژی خستووەتە نێوان ئیسرائیل و سوریا و توركیا
هەساو ئەمیر
٢٠ی ئابی ٢٠٢٦
لە دوایین پەرەسەندندا بنكەیەكی ئاسمانی گرژی خستووەتە نێوان ئیسرائیل و سوریا و توركیاوە، بنكەكە دەكەوێتە ناو خاكی سوریا و ئیسرائیل بە تۆمەتی بوونی سەربازیی توركیا تیایدا، هەشت هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر، هەریەك لە توركیا و سوریاش وتەكانی ئیسرائیل رەتدەكەنەوە و داوای گرتنەبەری رێكاری دیپلۆماسی دەكەن.
ئەمە وێنەی بنكەی ئاسمانی ئەبو زهورە لە باكوری رۆژئاوای سوریا، یەكێكە لە گرنگترین و گەورەترین بنكە ئاسمانییەكان و پێگەیەكی جوگرافی بەهێزی هەیە، كە ئێستا بووەتە هۆكاری گرژی لەنێوان سوریا و ئیسرائیل و توركیا.

رۆژی 18ی ئەم مانگە ئیسرائیل هەشت هێرشی كردە سەر بنكەكە و رێڕەوی فڕین و ژێرخانی فڕۆكەخانەكەی كردە ئامانج، هۆكاری هێرشەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە سوریا خەریكە پێگەی ئەمنی و رەوشی باو لە بنكەكە دەبەزێنێت و رێگە بە هێزەكانی توركیا دەدات تیایدا جێگیر ببن.
بۆردومانەكەی ئیسرائیل تەنها چەند سەعاتێك لەدوای سەردانی وەفدێكی توركیا هات بۆ بنكەكە، كە سەرپەرتی چاككردنەوەی فڕۆكەخانەكەیان دەكرد. لەبارەی بۆردومانەكەشەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، چەندین جار هۆشداریمان داوەتە سوریا لەبارەی بوونی سەربازی توركیا لەو بنكەیە، بەڵام دیمەشق پشتگوێی خستووە، بۆیە پێمان باشبوو باشتر بۆیان روونبكەینەوە كە نابێت ئەو كارە بكەن.
هەر دوابەدوای هێرشەكە هەردوو حكومەتی سوریا و توركیا وتەكانی ئیسرائیلیان بە تۆمەت ناوبرد و بە تەواوی رەتیانكردەوە، توركیا رایگەیاند، وتەكانی ناتانیاهۆ رەتدەكەنەوە و ئیسرائیل لەو رێگەیەوە دەیەوێت شەرعییەت بدات بە هێرشەكانی بۆسەر خاكی سوریا.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاش ئیدانەی هێرشەكەی كرد و دەڵێت: ئێمە چەندین جار ئەوەمان بۆ ئیسرائیل روونكردووەتەوە، نیازمان نییە هیچ سەربازێكی توركیا لە خاكەكەماندا جێگیر بكەین. رەتیشیكردەوە نۆژەنكردنەوەی بنكەكە پەیوەندی بە جێگیركردنی سەربازانی توركیا هەبێت، بەڵكو دەیانەوێت لە داهاتوودا بیخەنە خزمەتی سوپای سوریاوە.
بنکەی ئەبو زهور
بنكەی ئەبو زهور دەكەوێتە پارێزگای ئیدلیب و بە نزیكەی 70 كیلۆمەتر لە سنوری توركیاوە دوورە، پێگە گرنگەكەشی ئەوەیە دەكەوێتە سەر هێڵی گواستنەوەی نێوان حەلەب و حەما و دەشتی سوریا، بنكەیەكی فراوانە و لە چەندین هێڵی سەرەكی فڕین و فڕینی لاوەكی و كۆگای پاراستنی فڕۆكە و چەكو تەقەمەنی و باڵەخانەی فەرماندەیی و نیشتەجێبوون پێكدێت.
ئیسرائیل هەر جوڵەیەك لەو بنكەیەدا بە مەترسی بۆسەر خاكەكەی خۆی ناودەبات و یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باس لەوەدەكات، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بە جوڵەكانی وڵاتەكەی دەخاتە ناو سەرگەرمییەكی مەترسیدارەوە.
هەرچی هەڵوێستی لایەنی ئەمریكییە لەم قۆناغەدا جددی دەرناكەوێت و میدیاكانی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە، دۆناڵد ترەمپ ئاگاداری هێرشەكە بووە، تۆم باراك نێردەی تایبەتی ترەمپیش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: نیگەرانم لە هێرشەكە و بۆ ئێستادا گرژییەكی ناپێویستە. هاوكات، پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتی سوریا و رێكاریی دیپلۆماسی دەربڕی.
ئەگەرچی دیمەشق وەڵامی هێرشەكانی نەدایەوە و تەنها داوای رێگریی لە هێرشەكان كرد، بەڵام شارەزایانی سەربازی و سیاسی پێیان وایە، هێرشەكەی ئیسرائیل دوو پەیامی لەخۆ گرتبوو، یەكەمیان دەیەوێت توركیا ئاگادار بكاتەوە لە هەنگا و و توانا سەربازییەكانی و دووەمیش هۆشدارییەكە بۆ دیمەشق لە داڕشتنەوەی پەیكەری سەربازی سوپای وڵاتەكەی و سنوری دەسەڵاتەكانی، كە ئیسرائیل بەهێزبوونەوەی بە مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت.


