بەرپرسێکی باڵای ئێران داوای کشانەوەی وڵاتەکەی لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کرد، وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی دوایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئیبراهیم رەزایی، ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: باشترین وەڵام بۆ ترەمپ کشانەوەیە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.

ئەم لێدوانەی رەزایی دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی پرۆسەیەکی راگەیاند، کە بە "کاولکەرترین کردەی ئابووری لە مێژوودا دژی هەر وڵاتێک" وەسفی کرد، و هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگێکی ئابووری و گۆشەگیرکردن لەسەر ئاستێکی بێپێشینە ی لە ئێران کرد.

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ئێران دەرفەتی بەدەستهێنانی رێککەوتنی لەگەڵ واشنتۆن لەدەستداوە، و رۆژەکەی بە "رۆژی دابەزینی ئابووری" دژی تاران و هاوبەشە بازرگانییەکانی ناوزەد کرد.

ناوبراو هەڕەشەی سەپاندنی "سزای ئابووریی گەورە"ی کرد بەسەر هەر وڵات یان دامەزراوەیەکدا کە هاوکاریی دارایی یان بازرگانی پێشکەشی ئێران بکات، و داوای راگرتنی قاچاغچێتیی نەوت، هێڵەکانی ئاڵوگۆڕ، حەواڵەی نەقدی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆماری کەشتییەکان و کۆمپانیا رووکەشەکانی کرد.