وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئەردۆغان و رایدەگەیەنێت، رێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە سوریا نادەن کە ئاسایشی وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە.

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا "وڵاتەکەی بەرەو سەرکێشیی مەترسیدار لە سوریا دەبات"، جەختیشی کردەوە کە ئیسرائیل "رێگە بە هیچ لایەنێک نادات ئاسایشی بخاتە مەترسییەوە".

ئەم ئاڵۆزییە نوێیە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی "ئەبو زھوور" لە پارێزگای ئیدلب، بەهۆکاری ئەوەی دیمەشق لە ئامادەکاریدان بۆ رێگەدان بە بڵاوبوونەوەی هێزەکانی تورکیا لەو بنکەیەدا.

لە بەرانبەردا، ئەنکەرە بە توندی بانگەشەکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە و بە تۆمەتی "بێ بنەما" و هەوڵێک بۆ رەواکردنی بەزاندنی سەروەریی خاکی سوریا وەسفی کرد.

هاوکات، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاندبوو، هیچ پلانێک بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی هەمیشەیی تورکیا لە ئەبو زوھوور نییە، بەڵکو سەردانی وەفدە سەربازییەکەی تورکیا تەنها لە چوارچێوەی هاوکاری و مەشقکردندا بووە و بنکەکە خۆی لە قۆناغی نۆژەنکردنەوەدا بووە بۆ بەکارهێنانی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی سوریاوە.