لێپرسراوێكی ئەمریكا: رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبێت
١٩ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، گفتوگۆكردن لەگەڵ ئێران تەنها بەفیڕۆدانی كاتە و لێپرسراوێكی ئەمریكاش دەڵێت، رێڕەوێكیان لە گەروی هورمز كۆنترۆڵكردووە.
ماڵپەڕی ئەكسیۆس لەزاری لێپرسراوێكی ئەمریكاوە ئاشكرایكردووە، هێزەكانی ئەمریكا رێڕەوێكی تایبەتیان بۆ چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەروی هورمز كۆنترۆڵكردووە و لە رێگەیەوە رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.
لێپرسراوەكەی ئەمریكا، ئاماژەی بەوەشكردووە، ماوەی دوو مانگە رێڕەوی باشووری گەروی هورمزیان كۆنترۆڵی كردووە و توانای سەربازیی ئێرانیش لەو سنوورەدا بە تەواوی پاشەكشەی كردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاش بە ئەكسیۆسی راگەیاندووە، لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا ناكەن، چونكە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەو وڵاتە تەنها بەفیڕۆدانی كاتە و بەهۆی گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانیشەوە چیتر گەروی هورمز وەك پێشتر نابێت.


