وتەبێژی یەپەژە دەڵێت، پێویستە بە بەشداری ژنان دوبارە سوپای سوریا بنیادبنرێتەوە و ئامادەشن گفتوگۆ لەسەر هەمو پێشنیازەكان بكەن.

روكسان محەمەد وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی ژن "یەپەژە" لەبارەی تێكەڵكردنی هێزەكانیان لەگەڵ سوپای سوریا رایگەیاند، بابەتی تێكەڵكردنی هێزەكانیان لەگەڵ سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریا بەكراوەیی ماوەتەوە و رێگری سەرەكی بەردەم گفتوگۆكانیش بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی یەكگرتن، ئەوەیە كە دیمەشق دژایەتی ژن دەكات لە پێكهاتەی سوپادا.

وتیشی، پێشنیازی كۆتایی بۆ پەیوەندیكردن بە وەزارەتی ناوخۆوە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە و پێویستە دوبارە بنیادنانەوەی سوپای سوریاش بە بەشداری ژنان بێت، یەپەژەش خاوەنی ئەزمونە لە رێكخستن و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا.

وتەبێژی یەپەژە جەختیشیكردەوە، بە چەند مەرجێك ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو پێشنیازەكان بكەن، یەكێك لە مەرجەكانیش ئەوەیە كە بە یەك لیوا تێكەڵ ببن و تایبەتمەندییان لەناو سوپادا بپارێزرێت.