قوباد تاڵەبانی بۆ دکتۆر هاژە: هەموو کورد پێت سەربەرزن
سام
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی د. هاژە عەبدوڵا دەکات و دەڵێت، "ئێستا کە وەک یەکەمین ژن لەسەر ئاستی عیراقدا بەرزترین پلەی زانستی لە بواری شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە، هەموو کورد و بە تایبەتیش ژنان پێی سەربەرزن".
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: شەرەفمەند بووم کە بە دیداری د. هاژە عەبدوڵا شاد بووم و پێی سەربەرزین. دڵنیاین تا بێت نموونەی زیاتر دەبێت. پیرۆزبایی لە خۆی و هەموو هاوپیشە دڵسۆزەکانی و ستاف و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەکەم و شانازی بە هەموویانەوە دەکەین.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە: ساڵی 2002 دەستپێشخەربوو لە کردنەوەی یەکەم بەشی شێرپەنجە لە تەندروستیی سلێمانیدا کە دواتر بووە بناغەیەکی پتەو بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوا. لەو کاتەوە تا ئێستا بەوپەڕی خەمخۆری و پەرۆشییەوە خزمەتی تووشبووانی شێرپەنجە دەکات، لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانی هیوای ژیانیان بۆ هەزاران کەس گەڕاندووەتەوە. هەربۆیە هەمووان خۆشیان دەوێت و شانازی پێوە دەکەن و ناوی دکتۆر هاژە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و خانەوادەکانیان واتای متمانە و هیوا و بەردەوامیی ژیان دەدات.
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: ئێستا کە وەک یەکەمین ژن لەسەر ئاستی عیراقدا بەرزترین پلەی زانستی لە بواری شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە، هەموو کورد و بە تایبەتیش ژنان پێی سەربەرزن. لەپاڵ ئەرکی قورسی رۆژانەی لە چارەسەرکردنی تووشبوواندا لە نەخۆشخانەی هیوا، هەوڵی بێ وچان و کۆڵنەدانی لە بەرزکردنەوی ئاستی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەی بە نرخ، نموونەیەکی باڵا و مەزنە بۆ ژنان و هەموو زانستخوازان.


