ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، ئێران دەیەوێت تیمێکی لێکۆڵینەوەیان بچنە ناو خاکی قەتەرەوە تا بە دواداچون بکەن بۆ چارەنوسی فڕۆکەوانەکانیان، کە پێیان وایە لەلایەن قەتەرەوە دەستبەسەر کراون و قەتەریش رەتی دەکاتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی قەتەر گرتوە  و تۆمەتباریان دەکات بەوەی رێگری لە چوونەژوورەوەی تیمێکی لێکۆڵینەوەی ئێرانی دەکەن بۆ ناو خاکی قەتەر، بە مەبەستی رونکردنەوەی چاره‌نوسی ئەو فڕۆکەوانانەی، کە تاران دەڵێت لەلایەن هێزەکانی دەوحەوە دەستبەسەر کراون.

رۆیتەرز دەڵێت؛ قەتەر بە تەواوی رەتیدەکاتەوە هیچ فڕۆکەوانێکی ئێرانی دەستبەسەر کردبێت؛ دەوحە رایگەیاندووە کە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنیان تەنها پاشماوەی جەستەی فڕۆکەوانێکیان دۆزیوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی لە مانگی ئاداری راابردوودا بەرزاییەکانی ئاسمانی قەتەری بەزاندووە و وەڵامی پەیوەندییە هۆشدارییەکانی نەداوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، قەتەر ئاماژە بەوە دەکات، کە پەیوەندی بە ئێرانەوە کردووە بۆ رادەستکردنەوەی تەرمی فڕۆکەوانەکە و بانگهێشتی تارانی کردووە بۆ پێداچوونەوە بە وردەکارییەکانی ئۆپراسیۆنی گەڕانەکە و  تاران نکوڵی لەم هەوڵە دەکات.

محەممەد باقرزادە، فەرماندەی لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، رایگەیاندووە، کە تیمێکی شارەزای هێزی ئاسمانی ئێران زیاتر لە مانگێکە چاوەڕێی مۆڵەتی چوونەژورەوە دەکەن بۆ قەتەر، بەڵام لێپرسراوانی دەوحە بە ئەنقەست کارەکان دوا دەخەن.