بەیانی ئەمرۆ ئیسرائیل هێرشێكی توندی بۆ سەر باشوری لوبنان ئەنجامدا و لە ئەنجامی هێرشەكانی رۆژی شەممەشدا 11 كەس كوژراون . 

سەرچاوە ئەمنییەكانی لوبنان ئاشكرایانكردوە، بەیانی ئەمرۆ ئیسرائیل ناوچەی عەلی تاهیری لە باشوری لوبنان بەتوندی بۆردومان كردوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكانی بۆردومانەكەوە نییە .

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش، بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە رۆژی شەممە 7 كەس لە شارۆچكەی ئەنسار كوژراون كە لە نێویاندا 3 منداڵ و 2 ژن هەن، لە ناوچەی دێر زەهرانیش 4 كەسی تر كوژراون و 17 كەس برینداربون كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن. 

لەلایەكی تریشەوە، یسرائیل كاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەڵێنی داوە هێرشەكانیان دژی حزبوڵا لە باشوری لوبنان چڕتر بكەنەوە و راشیگەیاندووە هێرشەكانیان چر دەكەنەوە تا ئەو كاتەی هیچ هەرەشەیەك لەسەر ئیسرائیل و هاوڵاتییەكانیان ناهێڵنەوە .