هاوسەرۆکی گشتیی دەمپارتی، لە کۆنگرەی پارتەکەی لە شاری ئایدن رایگەیاند: ئۆجەلان بەڵێنی پێداوین شەر سەرهەڵنەداتەوە.

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەمپارتی ئاماژەی بەوەشداوە: یاسای چوارچێوە قۆناغێکی وای بۆ رەخساندین کە چەک و توندوتیژی وەلابنێین و کێشەکانمان لە پەرلەماندا باس بکەین، بەڵام ئەم یاسایە کۆتایی نییە، تەنیا هەنگاوی یەکەمە.

وتیشی: ئەم یاسایە خۆی لە خۆیدا چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کورد نییە، یان مافی یەکسانی عەلەوییەکان نییە، بەڵکو تەنیا زەمینەی توندوتیژی لادەبات؛ کەواتە ئەمە دەستپێکە نەک کۆتایی.

ئەوەشی روونکردەوە، ئاشتی نە دۆڕاوی هەیە و نە براوە، بەڵکو ئاشتی خێر و بەرەکەت و جوانییە. هەندێک کەس دژی ئەم قۆناغەن، بەڵام دڵنیابن گفتوگۆیەک کە تێیدا مرۆڤەکان گیان لەدەست نەدەن، لە بەرژەوەندی 86 ملیۆن کەسی تورکیادایە.