فەرماندەی گشتی هەسەدە لەگەڵ وەفدێكی حكومەتی سوریا كۆبووەتەوە و دەشڵێت لەسەر چەند پرسێكی گرنگ گەیشتوونەتە رێكەوتن.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس (X) راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد كە پێشوازی لە وەفدێكی حكومەتی سوریا كردووە.

مەزڵووم عەبدی لە راگەیەنراوەكەیدا نووسیویەتی: شانازی دەكەم بە پێشوازیكردن لە نوێنەری سەرۆكایەتی، زیاد عاییش و فەرماندەی فەیلەقی دووەم، بەڕێز عەواد جاسم.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەسەر چەندین دۆسیە و پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای حەسەكە كردووە. 

عەبدی ئاماژەی بەوەش دا كە راوێژیان كردووە دەربارەی "چارەسەركردنی زێدەڕۆییەكانی سەر دامودەزگاكانی دەوڵەت، دۆسیەی ئاوارەكان و هەروەها خێراكردن و تەواوكردنی پرۆسەكانی تێكەڵبوونەوە .

مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە كردەوە كە گەیشتوونەتە چەند چارەسەرێك و وتی: هەستمان بە كەشوهەوایەكی ئەرێنی كرد و لەسەر چەند پرسێكی گرنگ گەیشتووینەتە رێكەوتن