میدیاکانی تورکیا رایانگیاند، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیان ناوی سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی لە لیستی کەسایەتییە داواکراوەکان بە تۆمەتی تیرۆر سڕیوەتەوە.

ئەنکەرە هیچ هۆکارێکی رەسمیی لەبارەی لادانی ناوی ئەم فەرماندە دیارەی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام چاودێران ئەم هەنگاوە دەبەستنەوە بە گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییە گەورەکانی سوریا، بەتایبەت دوای دەستبەکاربوونی وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوپای سوریادا.

سیپان حەمۆ - کە لە تۆمارە ئەمنییەکانی تورکیادا بە ناوی "سەمیر عەلی ئەسۆ" ناسراوە - ئەرکی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی وەرگرتووە، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانونی دووەمی 2026 بۆ ئاوێتەکردنی هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەناو دامەزراوەکانی سوپا و ئاسایشی دەوڵەتدا.