ئێران؛ بەهۆی قیرانی ئابورییەوە خواست لەسەر پانکە زیادی کردوە
بڵند
١٣ی ئابی ٢٠٢٦
لە ئێران قەیرانی ئابوری رۆژ لەدوای رۆژ کاریگەرییەکانی لەسەر هاووڵاتیان زیاتر دەبێت، سەرەڕای گرانی خۆراک و پێداویستی رۆژانە، بەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکەیەوە هاووڵاتیان وازیان لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرە ساردکەرەوانە هێناوە کە بە غاز کاردەکەن.
مەهدی بستانچی، بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دروستکەرانی سیستمەکانی فێنککەرەوە لە ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، لە ئێستادا نرخی ئەو ئامێرە ساردکەرەوانەی بە غار کاردەکەن بە رێژەی %10 بۆ %30 بەرز بونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم بەرزبونەوەی نرخە بوەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان و بەکارهێنەران توانای کڕینی ئەو ئامێرانەیان نەمێنێت و رو لە جۆرە هەرزانەکانی تری وەک پانکەی ئاسایی بکەن.
بەوتەی بستانچی، سنورداربونی توانای دارایی خێزانەکان هۆکاری سەرەکییە بۆ روکردنە ئامێرە فێنککەرەوە هەرزانەکان لە بازاڕدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لێپرسراوی ژوری بازرگانی ئێران و چین پێشتر رایگەیاندبوو، ئابوری وڵات لە رەوشێکی تەواو خراپدایە و گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەری لە جەنگکە زیاتر بووە لەسە ئێران.


