هێرشێكی حوسیەكان بۆ سەر كەشتییەك لە دەریای سوور، كوژرانی شەش كەشتیوانی لێكەوتەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی یەمەن رایگەیاند، لە هێرشێكدا بۆ سەر كەشتیەكی میسری، چوار ئەندامی كەشتیەكە، كە سیانیان پاكستانی و یەكێكیان ئیندۆنیزییە لەگەڵ دوو لە ئەندامانی هێزی نیشتمانی كە بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی رزگاركردندا  كوژراون، ئەمە جگە لەوەی حەوت  ئەندامی  تیمی كەشتییەكە، دوو پاسەوانی سنوور، و ئەندامێكی هێزەكانی بەرگری نیشتمانی برینداربوون، ئەمەش بە یەكەم هێرشی حوسیەكان دادەنرێت لە بابولمەندەب كە كوژراوی لێبكەوێتەوە.

هاوكات، حوسییەكان رایانگەیاندووە، كەشتییەكی گواستنەوەی كەرەستەی سەربازیی سعودییەیان لە بابولمەندەب كردووەتە ئامانج، بەڵام ناوی كەشتییەكەیان ئاشكرا نەكردووە.

ئەم هێرشەش دوای ئەوە دێت كە حوسییەكان لە 20ی تەمووزدا رایانگەیاندبوو گەمارۆی دەریایی دەخەنە سەر سعودییە لە دەریای سووردا.