هەواڵگریی ئەمریكا: ئێران ئەولەویەتی خۆی لە بەرنامەی ئەتۆمیەكەوە بۆ گەروی هورمز گۆڕیوە
کەژان
١٢ی ئابی ٢٠٢٦
هەڵسەنگاندنێكی هەواڵگریی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئێران ئەولەویەتی ستراتیژیی خۆی لە بەرنامەی ئەتۆمیەكەوە گۆڕیوە بۆ گەروی هورمز.
تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریكی لە سەرچاوەكانەوە گواستوویەتییەوە، تاران گەروی هورمز وەك كارتی پەستانێكی بەهێزتر و كاریگەرتر دەبینێت بەراورد بە دۆسیە ئەتۆمییەكەی، بەتایبەت دوای ئەو لێدانانەی لە قۆناغەكانی پێشووی ململانێكاندا ئاڕاستەی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی كرابوون.
تۆرەكەی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجامی هەڵسەنگاندنێكی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریكا ئاشكرای دەكات كە ئەولەویەتی ستراتیژیی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمیەكەیوە گۆڕاوە بۆ كۆنترۆڵكردنی گەروی هورمز.
تۆرەكە راشیگەیاندووە، لێپرسراوانی سەربازی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایان ئاگاداركردووەتەوە، هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی ئەمریكا بۆ سەپاندنی كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر كەروەكەدا، پڕۆسەیەكی درێژخایەن، تێچووبەرز و خوێناوی دەبێت و هیچ گەرەنتییەكی سەركەوتنیشی نییە، ئەمەش بووەتە هۆكارێكی سەرەكی لە دانوستانەكانی ترەمپ لەگەڵ راوێژكارەكانی بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو سەبارەت بە ئێران.


