عەباس عراقچی: لە کاتی جەنگدا ئێرانییەکانی دەرەوە ملیۆنان دۆلاریان بەخشیوە بە وڵاتەکەیان
بڵند
١١ی ئابی ٢٠٢٦
لە میانی بەشداریکردنی لە رێورەسمی ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنێکدا لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە وێرانبوەکانی جەنگ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە جەنگی دواییدا توانای خۆی سەلماندووە و دوژمنەکانی ناچار کردووە داوای دانوستان بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد, کە ئێران جگە لە جەنگەکە، لە ئاستی دیپلۆماسی و ئەخلاقیشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و رۆڵی کەرتی تەندروستی و خۆڕاگریی گەلی ئێرانی بە بەرز نرخاند لە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سەختەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، كەس بیری لەوە نەكردبووەوە بتوانن دوژمن ناچار بكەن داوای دانوستان بكات و بۆ جیهانیشیان سەلماند دەسەڵاتێكی نەدۆڕاون.
ناوبراو باسی لەوەش کردوە، ئێرانییەکانی دانیشتوی دەرەوەی وڵات و لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و شیعەکانی عیراق بە ئارەزووی خۆیان ملیۆنان دۆلار هاوکاریی دارایی و کەرەستەیان پێشکەش کردووە و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی زیاتریش.
هەروەها رایگەیاند، کە کەمپینێکی نوێ دەستیپێکردووە بۆ تەرخانکردنی هاوکارییەکان بەرەو ئاوەدانکردنەوەی نەخۆشخانەی ئەندیمەشک کە لە سەدا 80ی زیانی پێگەیشتووە.
عراقچی وتویەتی، وەزارەتی دەرەوە لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵ گومرک و مانگی سور بۆ ئاسانکاری لە هاوردەکردنی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بۆ ناو وڵات.



