مجیدڕەزا حەریری، لێپرسراوی ژوری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و چین، هۆشداریدا لەوەی بەردەوامیی گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشوری ئێران، لێکەوتەی زۆر قورستری لە جەنگ بۆ سەر ئابووریی وڵاتەکەی دەبێت و پێویستە بە خێرایی کۆتایی بەو رەوشە بهێنرێت.

حەریری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئێران رایگەیاند، دەبێت گەمارۆی دەریایی  کۆتایی پێبهێندرێت لەهەر رێگەیەکەوە بێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە ماوەی جەنگی  40 رۆژەدا هێندەی سەردەمی گەمارۆی دەریایی تووشی کێشەی ئابوری و کەمیی کەلوپەل نەبووە.

حەیدەری رەخنەی لەو هەوڵەکان گرتوە بۆ دوبارەکردنەوەی ئەزمونی دەربازبون لە سزاکان لە شوێنی هەڵگرتنی گەمارۆکە و دەڵێت؛ ئابوریی ئێران لاوازتر دەکات و زەمینە بۆ گەندەڵی دەڕەخسێنێت.

لێپرسراوی ژوری بازرگانیی ئێران و چین، رونیشی کردوەتەوە، تێچوی گواستنەوەی کۆنتێنەرێک لە چینەوە بە رێگەی وشکانی نزیکەی چوار بەرانبەری رێگەی دەریاییە و بەپێی هاوردەکردنی ساڵانەی نزیکەی دوو ملیۆن کۆنتێنەر لە رێگەی بەندەرەکانی باشورەوە، بەردەوامیی گەمارۆکە دەکرێت نزیکەی 18 ملیار دۆلار تێچوی زیادە بخاتە سەر ئابوریی ئێران.

حەیدەری ئەوەشیخستوەتەڕوو،  ئەو بڕە زیادەی تێچون لە پێداویستیی ساڵانەی وڵات بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بنەڕەتی و دەرمانیش زیاترە، ئەمەش وادەکات هەڵگرتنی گەمارۆ دەریایی لە ئێستادا بۆ ئێران لە هەموو هەنگاوێکی تر گرنگترە