حوسییەكان بە 30 موشەكی بالیستی و چەندین درۆن هێرشیان كردە سەر مۆخا
لازیا عەلی
١٠ی ئابی ٢٠٢٦
وێنە؛ ئەرشیف
سوپای یەمەن رایگەیاند، كە بەرپەرچی شەپۆلێكی توندی هێرشە موشەكی و درۆنییەكانی حوسییەکانیان داوەتەوە بۆ سەر شاری مۆخا لە رۆژئاوای وڵات، كە بەهۆیەوە حەوت كەس كوژران و 30 كەسی تریش بریندار بوون.
عەمید ماجد عەبدوڵا نزیلی، وتەبێژی رەسمیی هێزە چەكدارەكانی یەمەن لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، حوسییەکان هێرشێكی فراوانیان كردووەتە سەر بەندەری مۆخا و چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون و وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا. بەپێی ئامارە پزیشكییەكان، لەم هێرشانەدا حەوت كەس كوژراون و 30 كەسی تریش بریندار بوون، كە زۆربەیان خەڵكی مەدەنی و كارمەندی دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانن.
سەرچاوە سەربازییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، كە حوسییەكان 30 موشەكی بالیستییان ئاراستەی ناوەندە مەدەنییەكان و نەخۆشخانەكانی مۆخا كردووە، هاوكات سیستمی بەرگریی ئاسمانیی یەمەن توانیویەتی 11 درۆنی حوسییەكان بەر لە گەیشتن بە ئامانجەكانیان تێكبشكێنێت و ئەم هێرشانەی بە پێشێلكردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەكان ناوبرد و جەختی كردەوە كە هێزەكانیان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەك.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە كاتێكدایە، كە پێكدادانەكان لە بەرەكانی جەنگ لە پارێزگاكانی تەعز و زالـع رویان لە زیادبوون كردووە و سوپای یەمەن یەكەی سەربازیی زیاتری بۆ ئەو ناوچانە رەوانە كردووە. مۆخا وەك یەكێك لە شارە ستراتیژییەكانی سەر گەرووی بابولمەندەب بایەخێكی زۆری هەیە و حوسییەكان لەرێگەی ئەم هێرشانەوە دەیانەوێت ئاسایشی كەشتیوانی لە ناوچەكەدا تێكبدەن.


