بەندەری ستراتیژیی موخا لە رۆژئاوای یەمەن رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن حوسییەوەکانەوە بووەوە، بەهۆیەوە چەندین کارمەندی بەندەرەکە بریندار بوون.

بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن و میدیا ناوخۆییەکان، حوسییەکان بە زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە مەدەنییەکانی ناو بەندەرەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، هێرشە مووشەکییەکانیش لە ناوچەکانی (حوبان و مەقبەنە)وە ئاڕاستە کرابوون.

میدیا ناوخۆییەکانی یەمەن رایگەیاند: لانی کەم چوار تەقینەوەی بەهێز شاری موخای هەژاندووە و هێرشەکان شوێنەکانی وەک (جەبەل نار) و (دوورگەی زوقەر)ی نزیک بەندەرەکەیان ئامانج گرتووە.

لە بەرانبەردا، بەرگریی ئاسمانیی سوپای یەمەن رووبەڕووی هێرشەکان بووەتەوە و توانیویەتی چەندین درۆنی حوسییەکان بخاتە خوارەوە.