پێشبینی دەكرێت سێ هەزار و 900 زیندانیی پەكەكە لە كۆی چوار هەزار و 800 كەس لە توركیا، بەر پڕۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی بكەون و 900 زیندانییش بەهۆی سزای هەتاهەتاییەوە بێبەش بن.

سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری دیاربەكری پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان - دەمپارتی رایگەیاند، ئێستا لە زیندانەكانی توركیا چوار هەزار و 800 كەس بە تاوانی ئەندامبوون لە پارتی كرێكارانی كوردستان 'پەكەكە' و بەشداریی لە چالاكیی چەكداریدا زیندانیكراون.

وتیشی، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 900 کەسیان مادەكانی پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی دەیانگرێتەوە، بەڵام 900 زیندانیان ناگرێتەوە بەهۆی سزادانیان بە زیندانیی هەتاهەتایی و تۆمەتباربوونیان بە كوشتنی هێزەكانی ئاسایشی توركیا.

هاوكات، ئیبراهیم ئاكن، پەرلەمانتاری ئەنقەرەی دەم پارتی ئاماژەی بەوە كرد، یاساكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رەوشی 75 هەزار كەس دەبێت.

رۆژی شەممە، پڕۆژەیاسای 'بەهێزكردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی' كە بە پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی ناسراوە، لەلایەن لیژنەی دادی پەرلەمانی توركیاوە پەسەند كرا و بڕیارە سبەی بچێتە كارنامەی پەرلەمانەوە و رۆژی دووشەممەش دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.