سعودیە: ئاگرەکەی کۆمپانیای ئارامکۆ کۆنتڕۆڵ کرا
سەوسەن سەید
٩ی ئابی ٢٠٢٦
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاسایشی کۆمپانیای 'ئارامکۆ'ی سعودیە، توانییان ئاگرێک لە یەکێک لە بەشەکانی پاڵاوگەی جازان کۆنتڕۆڵ بکەن، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە.
وەزارەتی وزەی سعودیە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە: ئاگرێک لە یەکێک لە دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی جازان لە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بێ هیچ زیانێکی گیانی کۆنتڕۆڵ کراوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارە پێویستەکانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ روداوەکە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بکات.
ئەم روداوە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە بانگەشەی گرووپی حوسییەکان سەبارەت بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە جازان و یەنبەع بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە کاتێکدا ئاڵۆزییە دەریاییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەن روویان لە زیادبوون کردووە.


