مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند کە قۆناغی ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتن، چونکە یەکڕیزی و بەهێزی لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە و دەکرێت ئەم بارودۆخە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات فشارەکان لەسەر گەلەکەی کەم بکاتەوە و رایگەیاند: لە سایەی دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی"دا، رەوشی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرووی تەواوی نیگەرانییەکانمەوەن.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد: کێشەکان تەنها بە جەنگ چارەسەر نابن و تاران بەپێی یاداشتی لێکگەیشتنەکان بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێت، بە مەرجێک لایەنی بەرانبەر ددان بە مافەکانی گەلی ئێراندا بنێت و جێبەجێیان بکات، جەختیشی کردەوە: بەپێی پێشڕەوییەکانی لایەنی بەرانبەر لە دانوستانەکان دەچینە پێشەوە، ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک پێشان نەدەن، داواکارییەکانیان قبوڵ ناکەین.