ئاژانسی هەواڵی ئیمارات: کەشتییـەکی کـۆمپانیـای ئەدنۆک لە کاتی پەڕینەوەی لە گەروی هورمز کرایە ئامانج
سەوسەن سەید
٨ی ئابی ٢٠٢٦
کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک)، کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی وزەیە لە جیهاندا، رایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا، 15کەشتیی سەر بە کۆمپانیاکەیان لە کاتی پەڕینەوەیان لە گەروی هورمز تووشی هێرشی ناڕەوا بوونەتەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە لە سەعاتە سەرەتاییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ شەممەدا، کەشتییەکی تری سەر بە کۆمپانیاکەیان لە کاتی پەڕینەوەی لە گەروی هورمز کراوەتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی، بەڵام روداوەکە هیچ برینداربوونێکی لێنەکەوتووەتەوە و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی ئێران بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بڵاویانکردەوە کە ئاگر لە ناو کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە رێڕەوی باشوری گەروی هورمز کەوتووەتەوە.
لەم بارەیەشەوە، ئاژانسی رەسمیی ئێران بەعەرەبی ئاشکرای کرد کە کەشتییەکە دوای ئەوەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج گڕی گرتووە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنماییەکانی تێپەڕبوون لە گەروەکەدا.
ئەمە پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئامارە نوێیەکان ئاماژە بە دابەزینی دیاری جووڵەی دەریاوانی لە گەروی هورمز دەکەن، بە جۆرێک لە نێوان رۆژانی دووشەممە تا پێنجشەممەی ڕابردوو تەنها 33 کەشتی بە گەروەکەدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی هەفتەی پێشوتردا 50 کەشتی بووە.



