روسیا: لە دەریای رەش سێ کەشتیی گوازەرەوەی چەکی ئۆکراینامان تێکشکاند
محەمەد رزگار
٧ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاشکرایدەکات، هێزەکانیان لە باشور و رۆژهەڵاتی ناوچەی ئۆدێسا لە دەریای رەش سێ کەشتیی بارهەڵگریان تێکشکاندووە کە چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانی کیێڤ دەگواستەوە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە دەریای رەش هێرشیان کردووەتەسەر سێ کەشتیی بارهەڵگر کە کەرەستە و کەلوپەلی سەربازییان بۆ هێزەکانی ئۆکراین دەگواستەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگریی روسیا، لە درێژەی بەئامانجگرتنی هێڵەکانی پشتیوانیی سوپای ئۆکراین، هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵاتەکەیان توانپوویانە لە باشور و رۆژهەڵاتی ناوچەی ئۆدێسا، سێ کەشتیی بارهەڵگری سەربازی لە کاربخەن کە چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانی ئۆکراین دەگواستەوە.
ئەم پێشھاتە لە کاتێکدایە، روسیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندە لۆجیستییەکان و کۆگاکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کیێڤ و دەوروبەری چڕتر کردووەتەوە، بەمەبەستی پەکخستنی توانا سەربازییەکانی ئۆکراین لە دەریای رەشدا.


