ترەمپ: ئێران ناتوانێت لەوە زیاتر بەرگەی جەنگ بگرێت
دیلان
٧ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و تاران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر لەسەر جەنگەکە بەردەوام بێت.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکات جەنگەکە زۆر بەخێرایی کۆتایی پێبێت و وتی، "پێم وانییە ئێران بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا بەشێکی زۆری کۆگاکانی موشەکی دوورهاوێژی لەم جەنگەدا بەکارهێناوە کە چووەتە شەشەمین مانگی خۆیەوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رەوشی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، ترەمپ جەختیکردەوە، وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی زۆری چەکی بەهێزە و لە ئیستادا سەرقاڵی دروستکردنی کارگەی نوێن بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری موشەک.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رەوشی ناوچەکەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر گەروی هورمز بە باشی بەڕێوەدەچن و خۆی راستەوخۆ بەشدارە لە نەخشەرێگای دانوستانەکاندا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، تاران رایگەیاندووە، ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کۆنتڕۆڵی بەشێک لە گەروەکەی لەدەستدا بێت و وەک رێڕەوێکی نێودەوڵەتی کراوەی پێش جەنگەکەی لێنەیەتەوە.
جێی ئاماژەیە، شارەزایانی ئابوری هۆشیاری دەدەن؛ داخرانی گەروی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سوتەمەنی و کەلوپەل لە بازاڕەکانی جیهاندا و فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابوری جیهانی.

