لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێر، ژنێک بە یەک سک چوار منداڵی بووە و تەندروستی هەر چواریشیان باشە.

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاری هەولێر بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، دوای ئەوەی ژنێکی دوگیان سەردانی کردون و راستەوخۆ نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا و تێدا  بە سکێک چوار کۆرپەلە لەدایکبوون.   

نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی ئەوەی کۆرپەلەکان لە تەمەنی 29 هەفتەییدا لەدایکبوون و ناکام بوون، راستەوخۆ بۆ وەرگرتنی چاودێریی پزیشکیی پێویست گواسترانەوە بۆ بەشی چاودێریی وردی منداڵە ناکامەکان و چارەسەری پێویستیان پێدرا و دەرمانی (Surfactant)ـیان بۆ بەکارهێنرا.

نەخۆشخانەکە جەختیشیکردوەتەوە، دوای مانەوەیان بۆ ماوەیەکی پێویست لەژێر چاودێریدا، خۆشبەختانە هەر چوار کۆرپەلەکە بە تەندروستییەکی باشەوە گەڕێندرانەوە باوەشی دایکیان.