دوای ئەوەی مووشەکێکی روسی کایەی ئاسمانی پۆڵەندای پێشێل کرد و لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا کەوتە خوارەوە، هاوپەیمانی ناتۆ هێزە ئاسمانییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشی و چەندین فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی ئاسمان کرد.

مارتن ئۆدۆنێل، وتەبێژی بارەگای ناتۆ لە ئەوروپا رایگەیاند، لە وەڵامی تێپەڕبوونی موشەکێکی روسی کە جۆرەکەی هێشتا بە تەواوی روون نییە، ناتۆ و پۆڵەندا سیستەمە بەرگرییە ئاسمانی و زەمینییەکانیان چالاک کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوو فڕۆکەی جەنگیی
F-16 و چەند فڕۆکەیەکی چاودێری و سووتەمەنی و هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی پۆڵەندی بەپەلە رەوانەی ئاسمان کراون.

لای خۆشییەوە دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا جەختی کردەوە کە پاشماوەی مووشەکە تێکشکاوەکە نیشانی دەدەن کە لە جۆری
 (Kh-101)ی روسی بووە و چاڵێکی گەورەی لە شوێنی کەوتنەکەیدا دروست کردووە.


لە لایەکی دیکەشەوە، فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەوروپا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای پۆڵەندا ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی پێشێلکارییەکە.

ناتۆش دەڵێت، لە پەیوەندییەکی بەردەوام و نزیکدایە لەگەڵ وارشۆ و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی ئەندام بێ وەڵام نامێنێتەوە.

 ئەم روداوە کە لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی پۆڵەندا و تەنها 80 کیلۆمەتر دوور لە سنوورەکانی ئۆکراین روویداوە، ترسی دروستبوونی پێکدادانی راستەوخۆی لە نێوان روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر کردووە
.