هەسەدە و دیمەشق سەرقاڵی رێککەوتنێکی نوێن
ساکۆ سمکۆ
٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
سەرچاوەیەکی لە ئیدارەی خۆسەر، چەند زانیارییەکی گرنگ و تایبەتی لەبارەی نەخشەڕێگای داهاتووی سیاسی و سەربازیی رۆژاوای کوردستان بۆ کوردسات نیوزی خستەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، ئەحمەد شەرع داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە کردووە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئیدارەی خۆسەر و سودوەرگرتن لە ئەزموونە سەربازییەکانی ئەو هێزە لە قۆناغەکانی داهاتوودا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە ئارادا نییە و تەنها بەستراوەتەوە بە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد و سەرکەوتنی پڕۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریادا.
وتیشی، لەم چوارچێوەیەدا، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی حەسەکە و کۆبانێ بە هێزە تێکەڵبووەکان دەسپێردرێت، بەڵام بڕیارە کارگێڕی، خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان هەر لە دەستی خەڵکی ناوچەکەدا دەبێت و حکومەتیش ئەمەی پەسەند کردووە.
ئەوەشی روونکردەوە، لەڕووی سیاسیشەوە، باس لە دروستبوونی قەوارەیەکی نوێی کوردی دەکرێت کە دوور بێت لە ململانێ حزبییەکان و بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئابووریش ئەوەی ئاشکراکرد، جەخت کراوەتەوە کە دوای رادەستکردنی داهاتی نەوت و گومرگەکان، دەبێت تایبەتمەندییەکی دارایی بۆ حەسەکە و کۆبانێ هەبێت.
هاوکات وتیشی، هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ ئاوارەکان ئەوەیە کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، پڕۆسەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ "سەرێ کانی" دەست پێ بکات، هەردوولاش کۆکن لەسەر دوورخستنەوەی ناوچەکە لە هەر جەنگێکی نوێ و بەردەوامبوونی پڕۆسەی تێکەڵبوون سەرەڕای هەوڵەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری.



