ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی: پێدەچێت ترەمپ فەرمانی هێرشی زەمینیی بۆ سەر ئێران بدات
دیلان
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاژانسی 'هەواڵی ئەڵمانی' ئاشکرای کردووە، ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینیی بۆ سەر خاکی ئێران دەربکات.
ئاژانسی 'هەواڵی ئەڵمانی' لە زاری دوو لێپرسراوی ئەمنییەوە رایگەیاند، پێدەچێت سەرۆکی ئەمریکا پلانی هەبێت هێرشێکی زەمینیی ئەنجام بدات بە مەبەستی دابڕینی ناوچە کەناراوەکانی ئێران پێش بەستنی هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، ئەمەش رووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و هۆشیارکردنەوەی فەرماندە ئەمریکییەکان بووەتەوە.
هاوکات شارەزایانی سەربازیی هۆشیاری دەدەن، هەر هێرشێکی زەمینی ئەمریکا بۆ سەر ئێران مەترسیی گەورەی تێدایە و هێزەکانی ئەمریکا دەخاتە بەر مەترسیی هێرشی موشەکی و درۆن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لێپرسراوانی ئێران "جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆکان کردووەتەوە و بەپێی یاداشتی رێککەوتنەکانی پێشوو، بە مەرجێک سەرەتا گفتوگۆکان لەسەر گەروی هورمز دەستپێبکەنەوە، دواتر ئازادکردنی پارە بلۆکراوەکانی ئێران و دۆسیەی ئەتۆمی بخرێنە بەر باس".
لەلایەکی ترەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرەو واشنتن بەڕێکەوتووە بۆ ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی رووبەڕووی نێوانیانە لە دوای مانگی شوبات.
ناتانیاهۆ پێش بەڕێکەوتنی بەرەو ئەمریکا رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا تەواوی دۆسیەکان و لە پێشەیانەوە دۆسیەی ئێران تاوتوێ دەکەین، ئامانجمان پاراستنی ئاسایشی خۆمان و فراوانکردنی بازنەی ئاشتییە".
چاودێرانی سیاسی کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ بە چارەنووسساز و دیاریکەری ئاڕاستەی داهاتووی ململانێکان دەبینن، بەتایبەت کە تەلئەبیب نیشانی داوە ئارەزووی لە بەردەوامیی گرژییەکانە و نایەوێت رێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ئیمزا بکرێت.



