وەزارەتی بەرگریی کوەیت: دەرگامان واڵاکرد بۆ خزمەتی سەربازی خۆبەخشی
سەوسەن سەید
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
وەزارەتی بەرگریی کوەیتی کردنەوەی دەرگای خۆبەخشینی بۆ پەیوەندیکردن بە خزمەتی سەربازی بەڕووی هاووڵاتییانی کوەیتی راگەیاند، لە چوارچێوەی دەستەیەکی نوێدا کە هەڵگرانی بڕوانامە جیاوازەکان دەگرێتەوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپا و دەستەی کارگێڕی و هێزی مرۆییەوە دەرچووە، روونی کردووەتەوە کە دەرگای خۆبەخشین هەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ، دبلۆمی دوای ئامادەیی، ئامادەیی گشتی و هاوتاکانی، سەرباری ئاستی پۆلی یانزدەهەم و کەمتریش دەگرێتەوە.
وەزارەت چەند مەرجێکی گشتیی بۆ وەرگرتن دیاری کردووە، لە گرنگترینیان: پێویستە داواکار رەگەزنامەی کوەیتی هەبێت، تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتریان نەبێت و لە 26 ساڵ زیاتر نەبێت، لێهاتووی تەندروستی، رەوشتبرزی و رەفتارچاکی هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ماوەی خولی ئامادەکردنی پلەدارانی بێ ئەفسەر چوار مانگ دەبێت، لە کاتێکدا خولی سەربازانی ئاسایی سێ مانگ دەخایەنێت، بەپێی بڕوانامەی زانستیش پلەی سەربازی دیاری دەکرێت؛ لە پلەی وەکێل ئەفسەرەوە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا، تا دەگاتە پلەی سەربازی ئاسایی بۆ هەڵگرانی پۆلی هەشتەم و کەمتریش.



