رۆیتەرز: هاتوچۆی بازرگانی لە گەروی باب مەندەب کەمیکردووە
ساکۆ سمکۆ
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، دوای هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و ئاڵۆزتربوونی رەوشەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاتوچۆی بازرگانی سەرباری گەروی هورمز، لە گەروی باب مەندەبیش کەمیکردووە.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە لە یەکشەممەی رابردوودا، تەنها 11 کەشتی بە گەروی باب مەندەبدا تێپەڕیون، ئەمەش نزمترین رێژەی ئەم چەند مانگی رابردووە، کە گەروەکە بەخۆیەوە بینیویەتی.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، هاتوچۆی کەشتییەکان بە دەریای سوردا و لەنزیک کەناراوەکانی یەمەن، لە هەفتەی رابردووەوە، لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاستەنگی بۆ دروستکراوە و ئەوەش وەک هەوڵێکی هاوپەیمانەکانی ئێرانە لەو ناوچانە بۆ رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی سعودیە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، رێگری حوسییەکان و هەبوونی کێشەی بەردەوام لە گەروی هورمزدا، بوونە هۆی ئەوەی تاکو هەفتەی رابردووش، نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستەکانی خۆیدا بێت.



