ناتانیاهۆ: جەنگ بە روخانی رژێمی ئێران کۆتایی دێت
محەمەد رزگار
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
ناتانیاهۆ روخانی رژێمی تاران دەکاتە مەرجی کۆتاییهاتنی جەنگ و هۆشداریی وەڵامدانەوەی "جەرگبڕ" دەدات، سوپای ئێرانیش جەخت لە فراوانکردنی رووبەری جوگرافیی جەنگەکە دەکاتەوە ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوام بن.
بنیامین نتنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و رایگەیاند، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چ بە شێوەیەکی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی گروپە هاوپەیمانەکانییەوە رووبەڕووی وەڵامدانەوەیەکی زۆر "توند و جەرگبڕی" ئیسرائیل دەبێتەوە و جەختی کردەوە ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە "هەڵەیەکی زۆر مەترسیدار" دەبێت لەلایەن ئێرانەوە.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"، ناتانیاهۆ رایگەیاند: "جەنگ بە دوو رێگە کۆتایی دێت؛ یان بە روخانی رژێمی ئێران، یانیش کاتێک ئێران باجی تەواوی ئەو کارانە دەداتەوە کە لە ناوچەکەدا ئەنجامی داون." ئاماژەی بەوەش کرد تاران تەواوی دراوسێیەکانی کردووەتە ئامانج و سەقامگیریی ناوچەکەی تێکداوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی راشیگەیاند: "تەماشابکەن ئێران بێ چەکی ئەتۆمی چی دەکات! تەنها خەیاڵی ئەوە بکەن ئەگەر بێت و ببووایە بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چی دەکرد؟"
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ هاوکات بوون لەگەڵ هۆشداریی سوپای ئێران بەرانبەر واشنتۆن؛ لەلای خۆشیەوە، وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکییەکان جارێکی تر بکەونە تەڵەی ئیسرائیلەوە و سوور ببن لەسەر بەردەوامبوونی جەنگ و هێرشە ئاسمانییەکان، ئەوا رووبەری جەنگەکە لە رووی جوگرافییەوە زۆر فراوانتر دەبێت."



